27/08/2026
کەتەلۆنیەکان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ مۆندیالدا کرد.؟
خوێندنەوەیەکی وەرزشی، مێژوویی، سیاسی
لەبارەی جیاوازی ئێمەو کەتەلۆنیەکان -
بانگهێشتکردنی یاریزانە کوردەکان بەنموونە.
✍️نوسینی/ کامەران نەسرەدین - سوید 2026/8/27
لە نێوان لێدانی زەنگی یاریگاکان و دروستکردنی کەرامەتی نەتەوەییدا، سنوورێکی باریک هەموو ئەو گەلانە لێک جیادەکاتەوە کە هێشتا لەژێر سێبەری ژێردەستەییدا دەژین.
کاتێک بەراوردی هۆشیاریی سیاسیی گەلی کەتەلۆنیا لەگەڵ بەشێک لە کۆمەڵێک چڵاو خۆری بێ ئاگای کورد دەکەین، ڕاستییەکی زۆر تاڵ و بریندارکەر دەردەکەوێت.
لای هەندێک لە ئێمەی کورد ، وەرزش بووەتە ئامرازی شاردنەوەی ژێردەستەیی و پەردەپۆشکردنی داگیرکاری، لە کاتێکدا لای گەلانی بەئاگا، وەرزش تەنها مەیدانێکە بۆ چەسپاندنی شوناس و شکۆ و کەرامەتی نەتەوەکەی.
هەمووتان ئاگاتان لێیە لە مەدرید و تەواوی شارەکانی ئیسپانیا ئاهەنگ بۆ ئەو یاریزانانە گێڕدرا کە جامی جیهانییان بەرزکردەوە، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە لە یاری بیلباو و نوێنەری گەلی باسک هەڵوێستێکی ڕوون و مێژوویی وەرگرت.
ڕەتیکردەوە هیچ ئاهەنگێک لە ناو یاریگای خۆیدا بۆ بەخشینی ئەو شانازییە لەسەر شوناسێک سازبکات کە درێژکراوەی دەسەڵاتی مەدریدە لە کاتێک خودی ریال مەدرید کە فرۆکەی مۆندیال لە بەردەمیەوە بەبێ یاریزانی یانەکەی فڕی بۆ ئەمەریکا ئاهەنگی بۆ یاریزانێک گێرا کە هۆکاری پاڵەوان بوونی یاریزانەکەی سەنتیاگۆ ئەو ئەکادمیە کەتەلۆنیەیە کە هۆکاری جامەکانی ئیسپانیایە.
ئەم ڕەفتارەی یانەی بەرشلۆنە تەنها بریارێکی وەرزشی نەبوو، بەڵکو وانەیەکی گەورەی هۆشیاریی سیاسی بوو بۆ ئێمەی کورد .
من هەموو کات کە قسە لەسەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکەم هەرگیز باسی یاریزانی بەرشەلۆنە ناکەم، بەڵکو باسی ئەو یاریزانانە دەکەم کە پەروەردەی ئەکادیمیای لاماسیاین چونکە وشەی لاماسیا وردتر و قووڵترە بۆ شوناسی گەڵێک.
کاتێک باسی لاماسیا دەکەم، باسی تەنها دامەزراوەیەکی وەرزشی ناکەم، بەڵکو باسی چەمکێک لە فەلسەفە و قوتابخانەیەکی هزری و کەتەلۆنی دەکەم کە ڕەگی لە ناو شوناسی ئەو گەلەدا داکوتیوە.
ساڵی ٢٠٢٦، کاتێک هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە هەشت یاریزانی پەروەردەکراوی لاماسیاوە دەچێتە مۆندیالی ئەمریکا، هەمان مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە.
١- پاو کوبارسی (بارسێلۆنا)
٢- ئێریک گارسیا (بارسێلۆنا)
٣- ئەلخاندرۆ گریماڵدۆ (لێڤەرکوزن)
٤- مارک کوکورێیا (چێڵسی)
٥- گاڤی (بارسێلۆنا)
٦- لامین یامال (بارسێلۆنا)
٧- دانی ئۆڵمۆ (بارسێلۆنا)
٨- ڤیکتۆر مونیۆز (ئۆساسۆنا).
بەردەوام بوونی مێژوو هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٠دا نۆ یاریزانی لاماسیا بڕبڕەی پشتی جامی جیهانی بوون، ئێستاش ئەم نەوە نوێیە بە هەمان نەریتی تەکتیکی و فکری پەروەردە دەکرێن.
کاتێک ئەم لیستە دەبینیت، زیاتر تێدەگەیت کە چراخانی سەرکەوتنی وەرزشی لە ناوچەیەکی دیاریکراوەوە هەڵدەقوڵێت، بەڵام پرسیارە گەورەکەی سەر شوناس و کەرامەت هەمیشە ئەوەیە ئایا ئەو سەرکەوتنە وەرزشییە دەبێتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی شوناسی ئەو گەلەی بەرهەمی هێناوە.؟ یان دەبێتە بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی بەبێ توانای ئەو گەلە دەسەڵاتی مەدرید هیچ سەرکەوتنێک بەدەست ناهێنێت؟
کەتەلۆنیەکان ڕێگایان نەدا مەدرید ئەو سەرکەوتنە وەرزشییە بۆ سڕینەوەی شوناسی کەتەلۆنی بەکاربهێنێت. لە شەقامەکانی بەرشەلۆنە ئاهەنگ بۆ پاڵەوانی مۆندیال نەگێڕدرا، چونکە باش تێگەیشتبوون کە بەکارهێنانی ئارەقەی یاریزانەکانیان بۆ پڕوپاگەندەی یەکپارچەیی دزینی شکۆی نەتەوەیییانە.
ئەوەی مەدرید و میدیاکانی دەسەڵات لە ئیسپانیا دەیانەوێت نیشانی بدەن سەرکەوتنی ئیسپانیایە، بەڵام ڕاستییە زانستی و مەیدانییەکە ئەوەیە کە سیستم، ئەقڵییەت، گەشەپێدان و بەرھەمی فکریی لاماسیای کەتەلۆنییە موتوربە کراوە بە جەستەی ئەو هەڵبژاردەیەوە.
ئەی یاریزانە کوردەکان لەکوێ ئەم هاوکێشەیەدان.؟
لە بەرامبەردا کاتێک پێنج یاریزانی کورد لە هەڵبژاردەی عێراقدا یاری دەکەن، میدیا و ئەقڵییەتی کۆیلایەتی لە ناوخۆدا دەکەوێتە خزمەت دروشمی بەتاڵی پێکەوەژیان.
ئەمە پێکەوەژیان نییە، بەڵکو گەڕانێکی نائاگایانەیە بەدوای ڕستەی برا بچووک و کۆیلەی پەسەندکراو لە نێوان دێڕەکانی دەسەڵاتی بەغدادا.
کاتێک دەسەڵاتدارانی بەغدا مووچە و بودجەی ئەم گەلە دەبڕن و لە ڕێگەی درۆنەکانیانەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکەمان، کورد بە دوژمن دەبینن.
بەڵام کاتێک پێنج یاریزانی کورد گۆڵێک دەکەن، دەیانەوێت وەک گەڵای هەنجیر بەکاریبهێنن بۆ داپۆشینی تاوانەکانیان.
شەرمەزارییەکی گەورەیە کاتێک کەسانێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە جەژن دەگێڕن و فرمێسکی شادی بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردەیەک دەڕێژن کە نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی چەوسێنەر دەکات.
کارتی نیشتمانی و ڕەگەزنامەی سەپێنراو ناتوانێت کەرامەتی نەتەوەیی دیاری بکات ئەگەر بەوە بووایە، دەبوو ئەمڕۆ خەڵکی ئێمە بۆ سەرکەوتنی وڵاتانی تر کە ڕەگەزنامەیان هەیە شانازی بکەن وەک خۆدی خۆم کە ڕەگەزنامەی سویدیم هەیە.
بەکار هێنانی وەرزش بۆ پاساودانی پاشکۆبوون لوتکەی خۆگەوجاندنە، تەنانەت ئەوانەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی شەهیدانیشیان هەیە، کاتێک دەبنە قەرەقۆزی سەر پەردەی ڕاگەیاندنەکان بۆ سڕینەوەی مێژووی خەباتی باوکیان، دەکەونە هەمان زۆنگاوەوە.
ئێمە دژایەتی وەرزش ناکەین و شانازیش بە توانا و ماندووبوونی یاریزانە کوردەکانەوە دەکەین لە هەر شوێنێک بن، چونکە بە جیهان دەڵێن ئێمە گەلێکی بەتواناین بەڵام مافمان زەوتکراوە.
بەڵام جیاوازییە گەورەکە لێرەدا دەردەکەوێت گەلی کەتەلۆنیا لە شوێنی هێزەوە قسە دەکەن، ئەوان نەیانوت سوپاس بۆ ئیسپانیا کە ڕێگەتان دا یاری بکەین، بەڵکو گوتیان ئێوە بە قاچی ئێمە سەردەکەون و بەبێ ئێمە هیچ نین.
کورد بەداخەوە زۆرجار لە شوێنی پێویستی و سۆزەوە مامەڵە دەکات؛ لە نێوان دێڕەکاندا بەدوای دەستخۆشییەکی بەغدادا دەگەڕێت تا پێی بڵێن تۆش بەشێکی لە ئێمە پێکەوەژیانی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای یەکسانی و دانپێدانانی تەواو دروست دەبێت، نەک لەسەر بنەمای سووکایەتیکردن بە شوناس و مافی نەتەوەیی.
تا ئەو کاتەی کورد لە بری گەڕان بەدوای ڕستەی برا بچووکدا، بەرژەوەندی و شکۆی خۆی نەخاتە پێش هەموو شتێک، لەم بازنە بەتاڵەی ژێردەستەیی دەرناچێت.
بەرشەلۆنە ئامادە نەبوو کەرامەتی خۆی بکاتە قوربانی سەرکەوتنێکی وەرزشی لەژێر ئاڵای ئیسپانیادا، کاتی ئەوەش هاتووە ئێمە فێر ببين سەرکەوتنی وەرزشی لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی چەوسێنەردا نەکەینە شانازی و شکاندنی کەرامەتی سەد ساڵەی گەلەکەمان.
تۆ کاتێک لە ئەزموونی کەتەلۆنییەکان تێدەگەیت، بە کردەیی فێر دەبیت کە چۆن سەرکەوتنی وەرزشی و خولیاکانت نەبێتە هۆی لەبیرکردنی کەرامەتی نەتەوەیی و سیاسیی خۆت.
ئاساییە سەرسام بێت بە هونەری یاریزانێک یان چێژ لە یارییەک وەربگریت، بەڵکو تاوانەکە لەوەدا دەست پێدەکات کاتێک رێگە دەدەیت ئەو سەرکەوتنە لەلایەن دەسەڵاتێکی سەرکوتکەرەوە بەکاربهێنرێت بۆ داپۆشینی ژێردەستەییەکەت یان سڕینەوە مێژووی چەوساندنەوەت.
هەرگیز لە شوێنی لاوازییەوە لەگەڵ سەرکوتکەر دیالۆگ مەکە، کەتەلۆنیەکان هیچ کات نەیانووت سوپاس کە ڕێگەتان دا لە هەڵبژاردەی ئیسپانیادا یاری بکەین.
بەڵکو گوتیان ئێوە بە قاچی ئێمە فێری بردنەوە بوون. شوناس لەسەرووی هەموو دەستکەوتێکەوەیە بەم کردارە هیچیان لەدەست نەدا کاتێک ڕەتیان کردەوە ئاهەنگ بۆ سیاسەتی ئیسپانیا بگێڕن، بەڵکو شکۆی خۆیان پاراست.
کتێبە مێژووییەکان و ئەزموونی گەلان هەمیشە دەمانبەنەوە سەر هەمان ڕاستی کاتێک مرۆڤ تێدەگات شوناسەکەی شایستەی ڕێزە، چیتر بە دەستخۆشییەکی دەسەڵاتدارێک یان بەکارهێنانی ئارەقەی یاریزانەکانی لە یارییەکدا خۆی هەڵناخەڵەتێنێت، لەم سۆنگەیەوە، وەرزش دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ نیشاندانی ئاستی هۆشیاری و شکۆمەندی، نەک هۆکارێک بۆ بیرچوونەوەی مێژوو.