16/04/2026
🌿 ڕۆژی ژینگەی کوردستان… لە سەدای دڵی سروشتەوە بۆ هیوای سبەینێمان
کۆمەڵگایەکی هۆشیار و ژینگەدۆست لە پەروەردەکردنی تاکەوە دەستپێدەکات. ئەم هۆشیارییەش لە تەمەنێکی زوو، لە باخچەی ساوایان و قۆناغی بنەڕەتی، گرنگە بنیات بنرێت بە بناغەیەکی تۆکمە.
منداڵێک کە فێر دەبێت پارێزگاری لە ئاو و هەوا و خاک و هتد. بکات، لە داهاتوودا دەبێتە هاوڵاتییەکی بەرپرسیار. چونکە سایکۆلۆژی منداڵ زۆر ناسکە و خێرا دەچێتە ژێر کاریگەرییەوە، و کاتێک لە چوارچێوەی پەروەردەیەکی ژینگەیی دروستدا گەشە دەکات، بنەمای کەسایەتییەکی بەهادار و بەرپرسیار لەناخیدا دەڕوێت.
ڕۆژی ژینگەی کوردستان (١٦/٤) دەبێت تەنها بۆنەیەکی سیمبولی نەبێت، بەڵکو دەرفەتێک بێت بۆ دروستکردنی هەست و ڕەفتاری ژینگەدۆستی لە نەوەی نوێدا. ئەمەش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی نیشتمانسازی و نەتەوەپەروەری.
کلتووری ژینگەدۆستی واتە میهرەبانی و سۆز لەگەڵ سروشت و گیانەوەران. تاکێک کە لەگەڵ دار و درەخت و گوڵ و گیانەوەران بە سۆزو خۆشەویستییەوە مامەڵە بکات، لەگەڵ مرۆڤیش بە خۆشەویستی و تەباییەوە دەژیت.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، ژینگەی ئێمە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە: گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوونی ئاو و هەوا و خاک، زۆربوونی پاشماوە، و سوتان و بڕینەوەی دارستانەکان، و شێواندنی تابلۆی نەخشینی سەیرانگاکان بە پاشماوە و هتد.
چارەسەری ئەمانە تەنها بە بوونی یاسا و جێبەجێکردنێکی لاواز بەس نییە، بەڵکو پێویستی بە چەسپاندنی بنەماکانی حوکمڕانی ژینگەیی هەیە لە ووڵاتدا، بۆ بوونی یاسا و دامەزراوەی کارا و بەرپرسیار کە لە میانەیدا هۆشیارییەکی بەهێزی ژینگەدۆستی و بەشداری هەموان لە پارێزگاری ژینگە و پێکهاتەکانی دێنێتە بەرهەم.
بۆیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە ڕۆژی ژینگەى کوردستان بکاتە دەرفەت و دەستپێکی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ پەروەردەی ژینگەیی، بە ئامانجی دروستکردنی کلتووری ژینگەدۆستی و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و ژینگەدۆست، و پارێزەری بەها ژینگەییەکان و بەرپرسیار بەرامبەر خاک و نیشتمان.
لەو پڕۆژەیەدا، وەزارەتی پەروەردە ساڵانە لە مانگی نیسان کار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکات:
• هەفتەی هۆشیاری ژینگەیی لە قوتابخانەکان ڕابگەیەنرێت.
• چالاکیی جۆراوجۆری کردارى و هونەری ئەنجام بدرێت.
• قوتابیان بە شێوەیەکی کردارى و چالاک بەشدار بن.
بەم شێوەیە، ژینگە دەبێتە بەشێک لە یادەوەرییە شیرینەکانی منداڵان، و هەستێکی قوڵی ژینگەدۆستی لە ناخیاندا دەڕوێنێت. لەگەڵ گەورەبوونیان، خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ژینگە گەورەتر دەبێت. ئەمەش دەبێتە ئینتمایەکی قوڵ و کردارى لە ناخ و ڕەفتاریاندا.
ئەوکات، ئەم تاکە—هەر پیشە و کارێکی هەبێت—بەهای پڕۆژەکەی لە پارێزگاری ژینگە و سروشتەکەی دەبینێتەوە.
لە کۆتاییدا، دەبێت بزانین کە منداڵانی ئەمڕۆ، خاوەنی کار و بەرپرسانی سبەین. ئەگەر ئێمە بەپەروەردەیەکى ژینگەیی دروست هۆشیارییان بکەین، ئەوان ژینگە وەک ماڵی خۆیان دەبینن و دەیپارێزن.
گەلانی سەردەست و پێشکەوتوو، یەکێک لە شانازییە گەورەکانیان ژینگەدۆستی کۆمەڵگاکەیانە.
یەکێک لەبۆشاییەکانمان لەهەرێم ئەم بابەتەیە، بۆیە پێشنیازدەکەم بەدانانی چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ستراتیجی نیشتمانی بۆ پەروەردەیی ژینگەیی تایبەت بە باخچەی ساوان و قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتووی کارا لەم بوارەدا، بەهاوبەشی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و دەستەی ژینگە کۆنفڕانسێکی زانستی ئەنجام بدرێت بۆ پسپۆڕان، بەئامانجى گەڵاڵەکردنی هێڵە گشتییەکانی ئەم پڕۆژە بەهادارە نیشتمانییە.
پێویستە هەموومان لەپەیامى ژینگەو سروشت تێبگەین و هەمیشە لەگوێمان بزرینگێتەوە کە بە بێ دەنگى پێمان دەڵێت: “من هەناسەو ژیانی تۆم… پارێزگاریم لێ بکە.”
د. مەهدی حمزە
١٦/٤/٢٠٢٦